لە گفتوگۆیەکی ئیدریس عەلی و عەتا نەهاییدا
سازدانی: ئیدریس عەلی
لە ماوەی ڕابردوودا ڕۆمانی ( گرەوی بەختی هەڵاڵە) ی ڕۆماننووس ( عەتا نەهایی) بڵاو کرایەوە، ئەم ڕۆمانە باس لە ژیانی ئافرەتێکی پەنابەری کورد دەکات لە وڵاتی سویدا کە بەدەستی هاوسەرەکەی دەدرێتە بەرخەنجەر و شەڵاڵی خوێن دەکرێت، هەڵاڵە کە پاڵەوانی ئەم ڕۆمانەیە دەیەوێت لە وڵاتی سەید دەستبەرداری کولتوور و پەیوەندییە نادرووستەکانی کوردستان بێت کە هەمیشە ئافرەت وەک بوونەوەرێکی ملکەچ تەماشا دەکرێت، عەتا نەهایی لەم ڕۆمانەدا بەوردی و شارەزاییەکی زۆری هونەریانەوە چیرۆکی ئەو ئافرەتانەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە لە وڵاتی ئەوروپاش دەست و پێیان لە زنجیری کەلەپچەی پیاوسالاری ڕزگاری نابێت، باس لەو کولتوورە دڵڕەق و بێبەزییە دەکات کە مرۆڤ دەکاتە قوربانیی یاسا و سیستمە ناڕێک و کۆنەکان، لەم چاوپێکەوتنەدا ڕۆماننووس باس لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمەکەی دەکات و تیشک دەخاتە سەر پانتاییە تاریک و شاراوەکانی ناو ڕۆمانەکەی.
پرسیار: ئێستا ئەگەر خۆت وەک خوێنەرێک ( گرەوی بەختی هەلاڵە) بخوێنیتەوە چیی لەسەر دەڵێیت؟ مەبەستم ئەوەیە تۆ ئەگەر نووسەری ئەم ڕۆمانە نەبیت ڕات چیی دەبێت لەسەری؟
وەڵام: من کاتێک لە نووسینی چیرۆک یان ڕۆمانێک دەبمەوە، بەر لەوەی بڕیاری چاپ و بڵاوکردنەوەی بدەم ماوەیەک لێی دوور دەکەومەوە. پاش ئەوەی بە تەواوی لە کەش و فەزای کارەکەدا نەمام و هەستم کرد دەتوانم وەک خوێنەرێکی بێلایەن ( ئەگەر شتی وا مومکین بێت ) بیخوێنمەوە، دیسان دەیهێنمەوە بەر دەست و پیایدا دەچمەوە و زۆرجاریش سەر لەنوێ دەینووسمەوە. من تا بە پێی بۆچوونەکانی خۆم لە بەرهەمێک بە تەواوی دڵنیا نەبم و پێم وانەبێت ئەمە هەمان چیرۆک یان ڕۆمانە کە بە تەما بووم بینووسم، بڕیاری چاپ و بڵاوکردنەوەی نادەم. هەر ئێستا زۆر چیرۆک و ڕۆمانم هەیە کە دەمێکەیە تەواو بوون و تەنانەت چەند جاریش نووسراونەتەوە، بەڵام بەو هەستە نەگەیشتووم کە هەمان چیرۆک یان ڕۆمانن کە دەبوایە بمنووسینایە، بۆیە بڵاوم نەکردوونەتەوە. کەواتە دەتوانم بڵێم ڕۆمانی «گرەوی بەختی هەڵاڵە»، بەرهەمێکە کە بە قەدەر توانا و ئەزموونی ئەدەبی و داستانیی خۆم پێیەوە ماندوو بووم و لە ئاستی بۆچوون و تێگەیشتنی خۆم لە ستانداردەکانی ئەم جۆرە گێڕانەوەیە، ئەم ڕۆمانە، بە رای خۆم بەرهەمێکە کە دەبوو بەم شێوە بنووسرایە و، چیرۆکێکە کە دەبوو بەم فۆڕم و زمانە بگێڕدرایەوە. کەواتە هەر بۆچوونێک لەم چاوپێکەوتنە یان لە هەر شوێنێکی تر بەنسبەت ئەم ڕۆمانەوە دەریببڕم هەمان بۆچوونە کە ئەگەر خۆشم نووسەری نەبومایە دەرم دەبڕی.
پرسیار: بەگشتی بۆ نووسینی ئەم ڕۆمانە سوودت لە چ کەشێک وەرگرتووە؟ مەبەستم کەشی ناو ڕۆمانەکە نییە، بەڵکو ئەو فەزایەی کە ڕۆمانەکەت تێدا نووسیوە.. ئایا پێشوەخت چیرۆکەکە لەخەیاڵتاندا ئامادەیی هەبوو؟
وەڵام: دەترسم لە مەبەستی پرسیارەکەت بە باشی نەگەیشتبم. بەو حاڵەش دەبێ بڵێم کارکردنی من بەو شێوە نییە کە چیرۆکێک پێشتر لە زێهنمدا ئامادە بکەم، پاشان دوور لە فەزای ئەو چیرۆکە دابنیشم و بیگێڕمەوە یان بینووسمەوە. کاتێک خەریکی نووسینی ڕۆمانێکم، بە تایبەت هەموو ئەو سات و سەعاتانە کە لە پشت مێزی کارکردنەکەم دانیشتووم و دەنووسم، دوور لە جار و جەنجاڵی ژیانی ڕۆژانە و خەم و گرفتەکانی دەوروبەرم، تەنیا لە فەزای ئەو ڕۆمانەدام. ڕێک وەک ئەوەی کە سەفەرم بۆ شوێنێکی تر و دنیایەکی تر کردبێت. دنیایەک کە بە بوونی من و لەگەڵ نووسینی مندا وردە وردە دەردەکەوێت، کەسایەتییەکانی ئارام ئارام شکڵ و قەوارە وەردەگرن و، ڕووداوەکانی لەو ساتەوەختەدا ڕوو دەدەن. ئەمە بەو مانایەیە کە زیاتر لەوەی لە ژێر کاریگەریی کەش و فەزای کاتی نووسین و دەرەوەی ڕۆمانەکەدا بم، لە ژێر کاریگەریی کەش و فەزای کاتی ڕووداوەکان و ناوەوەی چیرۆک و ڕۆمانەکەدام. ئەڵبەت ناتوانم بڵێم کەش و فەزای ژیانی ڕۆژانە و حاڵەتە ڕۆحی و سایکۆلۆژییەکانی خۆم لەو کات و ساتانەدا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر خۆم و نووسینەکەم نییە، بەڵام ئەگەر کاریگەرییەکیش هەبێت وشیارانە و خودئاگایانە نییە. لانیکەم بەنسبەتی ئەم ڕۆمانەوە، چونکا فەزای چیرۆکەکە و شوێن و سێتینگی SETTING ڕووداوەکان زۆر لە فەزا و شوێنی خۆم و کارکردنمەوە دوور و جیاواز بوون، هەوڵێکی زیاترم داوە لە کات و شوێنی نووسینەکەم داببڕێم و بچمە ناو کات و شوێنی چیرۆکەکەوە.
پرسیار: سەرەتا چۆن دەستت بە نووسینی کرد. ئایا هەر لە سەرەتاوە بابەتەکە پڕۆژەی ڕۆمان بوو یاخود چیرۆک؟ ماوەی زەمەنی نووسینی ڕۆمانەکەت چەندی خایاند؟
وەڵام: چیرۆک و ڕۆمان وەک دوو ژانری ڕەوایەتی، لەگەڵ ئەوەدا کە هەندێک تایبەتمەندیی چون یەکیان هەیە، خاوەنی فۆڕم و ساختار و بۆتیقای جیاوازن. من زۆرم بەلاوە سەیرە کە هەندێک کەسی خوێنەوار و تەنانەت نوسەریش پێیان وایە ئەگەر چیرۆکێکی کورت درێژ بکرێتەوە و هەندێک ڕووداو و کەسایەتیی پێ زیاد بکردرێت دەتوانێ ببێتە ڕۆمان، یان بە پێچەوانەوە، ئەگەر ڕۆمانێک هەندێک پەل و پۆی لێ بقرتێندرێ دەبێتە کورتەچیرۆک یان چیرۆکی بڵیند. هەر بەرهەمێکی داستانی لانی کەم لە یەک، دوو لاپەڕەی دەسپێکیدا فۆڕمی ڕەوایەتی خۆی دەبینێتەوە و چیرۆک یان ڕۆمان بوونی خۆی ئاشکرا دەکات. بە نسبەت ڕۆمانی «گرەوی بەختی هەڵاڵە»وە لە چاوپێکەوتنێکی تردا باسم کردووە و لێرە زۆر بەکورتی دەیڵێمەوە کە نووسینی ئەم ڕۆمانە سەرەتا لە ڕستەیەکەوە دەستی پێکرد. ڕستەی دەسپێکی ڕۆمانەکە. کاتێک ئەو ڕستەیەم نووسی، ڕستەی دیکەی بەدوادا هات و، کە پاراگرافێکم تەواو کرد ئەوسا زانیم خەریکم ڕۆمانێک دەنووسم. ڕۆمانێک کە نووسینی نزیکەی دوو ساڵی خایاند. ئەڵبەت با لێرەدا هەڵەیەک ڕاست بکەمەوە. لەکۆتایی ڕۆمانەکەدا هاتووە کە دوا پێداچوونەوە زستانی 1386ە کە ئەمە هەڵەی چاپییە و زستانی 1385 ڕاستە.
پرسیار: زۆربەی کەسایەتییەکانی ناو ئەم ڕۆمانە قوربانین، سەرباری هەموو ڕووداوە تراژیدیەکان. دواجار خوێنەری وریا هەست دەکات تاکە جەلادێک خودی کولتور و پەیوەندییە باوەکانی خۆرهەڵات بەگشتی و میللەتی کوردە. ئەم هاوکێشەیە لای خۆت تا چەندە دروستە؟
وەڵام: ئەمە ڕاستە، بەڵام ئەوەی تۆ پێی دەڵێیت کەلتوور و پەیوەندییە باوەکانی ناو کۆمەڵ شتێک نییە کە لە ئاسمانەوە کەوتبێتە خوار و داوی قوربانی بۆ مرۆڤ پان کردبێتەوە. یان قەدەر و چارەنووسێکی نەگۆڕ و هەتاهەتایی نییە کە مرۆڤ لە ئاستیدا هەست بە ئیفلیجییەکی بەردەوام بکات. ئەوەی تۆ پێی دەڵێیت کەلتوور و سفەتی جەلادی دەدەیتە پاڵ، لە ڕاستیدا هیچ نییە جگە لە بیروڕا و بۆچوون و کردە و ڕەفتاری تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیی ئێمە. بە نسبەت دنیای ڕۆمانەکەشەوە ڕاستە کە زۆربەی کەسایەتییەکان بە شێوەیەک قوربانیی ئەو بارودۆخ و کارەساتە تراژیکانەن، بەڵام خۆشیان لە ڕوودانی ئەو کارەساتانەدا بێتاوان نین. هەموویان، شێرزاد و حەمەڕەشید ئاغا و هەڵاڵە و گوڵاڵە و … هەر کەسە و بە شێوەیەک و بە ڕێژەیەک لە خزمەتی ئەو کەلتوورەدان و، بە بیرکردنەوە و کردە و هەڵوێستی خۆیان بەرهەمی دەهێننەوە. من لەم ڕۆمانەدا ــ وەک هەموو بەرهەمەکانی ترم ــ نەمویستووە هەڵوێستێکی قەزاوەتکارانەم بەرامبەر بە ڕووداو و کەسایەتییەکان ببێت. بەو مانایە کە هەوڵم نەداوە کەسایەتیی چاک یان خراپ، پۆزەتیڤ یان نیگەتیڤ، جەللاد یان قوربانی بەرجەستە بکەم و هەموو کێشە و گرفتەکان، کە بە لای منەوە گەلێک قووڵ و فرە ڕەهەندن، لە مابەینی ئەم دوو جۆرە کەسایەتییە ڕەهایانەدا کورت بکەمەوە. نەمویستووە کەس یان کەسانێک وەک نموونەی جەللاد و کەس یان کەسانێکی تر وەک نموونەی قوربانیی ڕەها دەستنیشان بکەم و ڕۆمانەکە بکەم بە مەیدانی شەڕ و کێشەی نێۆان ئەم دوو جۆرە مرۆڤ و کەسایەتییە خێر و شەڕە. بڕواشم بەم جۆرە ڕوانینە ڕەش و سپییە بۆ مرۆڤ نییە. پێم وا نییە بەرپرسایەتیی ئەم جۆرە کارەساتە تراژیکانەش تەنیا لە ئەستۆی کەس یان کەسانێکی تایبەت بێت. ئەم ڕۆمانە گێڕانەوەی تاکە ڕووداوێکی تراژیک نییە و تەنیا یەک جۆر تاوان بەرجەستە ناکاتەوە، بەڵکوو گێڕانەوەی گەلێک ڕووداو و کارەساتی گەورە و بچووک و گەلێک تاوانی دیار و نەدیارە کە هەرکام لە کەسایەتییەکان بە شێوەیەکی تایبەت بە خۆیان لێی بەرپرسیارن. بەڵام کەسیان شان نادەنە ژێر ئەو بەرپرسایەتییە و هەر کامەیان بە بۆچوون و عەقڵی خۆیان تاوانەکە دەخەنە پاڵ کەسی تر یان کەلتووری کوردی و ڕۆژهەڵاتی.
پرسیار: ئەوەی جێگەی سەرسامییە لە سەرەتای ئەم ڕۆمانەدا کەسێتی گێڕەرەوە بزرە. بەڵام لە بەشە کۆتاییەکەدا، کاتێ هەڵاڵە لە خەستەخانە دەکەوێت دکتۆر سەعید لە زاری خۆیەوە باس لەوە دەکات کە ئەم حیکایەتەکانی گێڕاوەتەوە، ئایا ناچار بوویت بۆ ئەوەی کەسێتی گێڕەرەوە ئاشکرا بکەیت هەڵاڵەت لە زمان خست و بێدەنگت کرد، یاخود ئەمە تەنها گەمەیەکە لەگەڵ خوێنەردا کردووتە؟
وەڵام: بەرلەوەی وەڵامی پرسیارەکە بدەمەوە، ڕێگەم بدە تا دۆزینەوەی زاراوەیەکی شیاو بۆ «ڕاوی» یان « narrator » لە بری گێڕەرەوە یان بگێڕەوە یان… کە بە هەڵەیەکی باوی زمانییان دەزانم، زاراوەی «بێژەر» بەکار بهێنم.
بە نسبەت بەشی یەکەمی پرسیارەکەشەوە، ڕاستە کە کەسایەتییە چیرۆکییەکان داهاتەی نووسەرن بەڵام لە پرۆسەی دەرکەوتنیاندا کاراکتەرێکی سەربەخۆ وەردەگرن و نووسەر ناتوانێت بە پێچەوانەی لۆژیکی داستانی ژیانی کەسایەتییەکان، هەر بەڵایەکی پێخۆش بێت بەسەریاندا بێنێت. واتە بۆ ئاشکراکردنی بێژەر، هەڵاڵە لە زمان بخات و بێدەنگی بکات.
بە نسبەت بەشی دووهەمی پرسیارەکەشەوە، دەبێ بڵێم هەڵبژاردنی بێژەر و چۆنییەتی دەرکەوتن یان دەرنەکەوتنی لە چیرۆکەکەدا گەلێک جیدیتر لەوەیە کە بە گەمە و یاریی نووسەر لە گەڵ خوێنەرانی تێبگەین. هەڵبژاردنی بێژەر و دیاریکردنی دەور و جێ و رێی لە ناو چیرۆکەکە، یەکێک لە سەرەکیترین و گرینگترین بەشی گێڕانەوەکەیە. ئەگەر بێژەری زۆربەی ڕۆمانە کلاسیکییەکان لە دەرەوەی دنیای چیرۆکەکەوە لە گۆشە نیگای سێهەم کەسی تاکەوە چیرۆکەکەمان بۆ دەگێڕنەوە، ئەگەر بێژەری زۆربەی ڕۆمانە مۆدێڕنەکان، خۆیان یەکێکن لە کەسایەتییەکان یان کەسایەتییەکی سەرەکیی ڕۆمانەکەن و لە گۆشە نیگای یەکەم کەسی تاکەوە چیرۆکەکەمان بۆ دەگێڕنەوە، بێژەری ڕۆمانی «گرەوی بەختی هەڵاڵە» هەم وەک سێهەم کەسی تاک و هەم وەک یەکەم کەس، هەوڵ بۆ پڕکردنەوەی بەشی زۆری بۆشایی نێوان ئەم دوو جەمسەرە دەدات. واتە گێڕانەوەکەی لە گۆشە نیگای دەرەکی سێهەم کەسەوە دەست پێدەکات و پاش بڕینی ڕێگەیەکی دوور و درێژ و ناهەموار، بەرەو ناوەوەی دنیای چیرۆکەکە دەڕوات و گێڕانەوەکەی بە گۆشەنیگای یەکەم کەس کۆتایی پێدێت. ڕۆمانی «گرەوی بەختی هەڵاڵە» وەک ڕۆمانی «باڵندەکانی دەم با» لە ڕاستیدا چیرۆکی چۆنییەتی نووسینی چیرۆکە. چیرۆکی چۆنییەتی داهێنانی دنیایەکی کەلامی فانتاستیک و خەیاڵی لەسەر کەلاوەکانی واقیعێکی داڕماو. بۆیە لەم ڕۆمانانەدا کەسایەتیی سەرەکی، یان لانیکەم یەکێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکان، چیرۆکنووسێکە کە دەیهەوێت بە پشتبەستن بە واقیعی دەوروبەری و، یارمەتی وەرگرتن لە وزە و توانای خەیاڵ و فانتازیاکانی خۆی، دنیایەکی نوێ لەسەر خاڵی سفری سنووری نێوان واقیع و خەیاڵ دابهێنێت. ئەمە داڵغەکانی منە کە لە شێوەی کارکردن و داهێنانی کەسایەتیەکی وەک دوکتۆر سەعیددا ڕەنگ دەداتەوە و بەرجەستە دەبێتەوە. ئێستا ئەگەر کەمێک وردتر بچمە ناو «بۆچییەتی» بزری بێژەر لە بەشی زۆری ڕۆمانەکە و، ئاشکرا بوونی لە بەشە کۆتاییەکاندا، دەبێ دووبارەی بکەمەوە کە ئەم بزری و ئاشکرا بوونە هیچ پەیوەندییەکی بەو یاری و گەمە بێتامانەوە نییە کە هەندێک نووسەری تازەکار بۆ مەبەستی تازەگەری لە فۆڕمی چیرۆکەکانیان، یان بە لاسایی کردنەوەی هەندێک بەرهەمی مۆدێڕن و پۆست مۆدێڕنی بیانی دەیکەن. ئەم بزری و ئاشکرا بوونە کۆمەڵێک هۆی هونەری و ساختاری هەیە، کە قسەکردن لەو هەموو هۆ و هۆکارە فەنی و هونەرییانە لە تاقەتی ئەم چاوپێکەوتنەدا نییە. بەڵام ئاشکراترین هۆ ئەوەیە کە سەعید ــ بێژەری ڕۆمانەکە ــ بێجگە لەوەی کە مامۆستا و خۆشەویست و دڵخوازی هەڵاڵەیە، نووسەری ژیان و سەربوردەکەشیەتی. ئەگەر هەموو ژیانی هەڵاڵە کە لە ڕۆمانەکەدا هاتووە بکەی بە دوو کەرتی نایەکسان، سەعید ڕاستەوخۆ ئاگای لە کەرتی یەکەمی نەبووە. لە هەموو ئەو بەشانەدا کە زۆربەی ڕووداوە سەرەکییەکان پەیوەندییان بە بەشی یەکەمی ژیانی هەڵاڵەوە هەیە کە لە کوردستان بووە، سەعید وەک بێژەری چیرۆکەکە بزرە و لە دەرەوەی ڕووداوەکان و لە زمانی سێهەم کەسەوە دەیانگێڕێتەوە. بەڵام لە دوو بەشی کۆتایی ڕۆمانەکەدا زۆربەی ڕووداوە سەرەکییەکان پەیوەندیان بەو کەرتە لە ژیانی هەڵاڵەوە هەیە کە سەعید لە نزیکەوە ئاگای لێی بووە و خۆی بەشێک لەو ڕووداوانە بووە، بۆیە لەم دوو بەشەی ڕۆمانەکەدا وەک بێژەر خۆی ئاشکرا دەکات و ڕووداوەکان لە زمانی یەکەم کەسەوە دەگێڕێتەوە. ئەگەر جارێکیتر چاو بە ڕۆمانەکەدا بخشێنیتەوە دەردەکەوێ کە لە هەموو ئەو بەشانەدا کە بێژەر بزرە، خوێنەر بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە گۆشە نیگایەکی نزیک بە هەڵاڵەوە سەیری ڕووداوەکان دەکات و ڕووداوەکان تا ڕادەیەکی زۆر واقیعیانە و ڕیالیستین. بەڵام لەو دوو بەشەی کۆتاییدا خوێنەر ڕاستەوخۆ لە گۆشە نیگای خودی سەعیدەوە لە ڕووداوەکان نزیک دەبێتەوە کە بەشێکیان ناواقیعیانە و داهاتەی زەینی خەیاڵبازی بێژەرن. دەتوانم بڵێم من پێموایە لە دوو بەشی کۆتایی ڕۆمانەکەدا ئەوە هەڵاڵە نییە کە دەوری سەرەکی گێڕانەوەکە دەبینێت، بەڵکوو خودی بێژەر واتە سەعیدە. خوێنەر لەم دوو بەشەدا زیاتر لە هەڵاڵە، لە زهنییەتی سەعید و لە داڵغە ئەدەبییەکانی ئەو نزیک دەبێتەوە. ئەڵبەت هەر وەک وتم ئەمە ڕووکەشیترین و دیارترین هۆ بۆ بزری و ئاشکرایی بێژەر لە دوو کەرتی ڕۆمانەکەیە و، هۆکاری نادیارتریشی هەیە کە ئاشکرا کردنیان بە ڕەخنەگر یان خودی خوێنەران دەسپێرم.
پرسیار: لەم ڕۆمانەی تۆ و هەندێک ڕۆمانی دیکەدا تەواوی کاراکتەرەکان بەیەک جۆر زمان قسە دەکەن. لە کاتێکدا هەر کاراکتەرێک هەڵگری جۆرێک لە ئاستی فەرهەنگی و ڕۆشنبیری و دنیابینییە. بۆ نموونە هەڵاڵە و مامی و براکەی و گوڵاڵە ئەو زمانەی لە گوندەکە قسەیان پێدەکرد هەمان ئەو زمانەیە کە لە سوید قسەی پێدەکەن. گرنگی ئەم یەک جۆر زمانە لە چیدایە؟
وەڵام: من هەمیشە پێم وابووە یەکێک لە خەسارە گەورە و دیارەکانی ڕۆمانی کوردی نەبوونی جیاوازی لە مابەینی زمان و دەنگی کەسایەتییە جیاوازەکاندایە. بە شێوە دەربڕینێکی دیکە، جیهانی زۆربەی هەرە زۆری ڕۆمانە کوردییەکان بە گشتی جیهانێکی تاک دەنگەیە ( monofonic ) و لەواندا دەنگی دووهەم لە پاڵ دەنگی نووسەر نابیسترێت. بەو مەعنایە دەنگی نووسەر کە لە زهنییەت و شێوەی ڕوانینی بۆ مرۆڤ و جیهانی دەورووبەرییەوە سەرچاوە دەگرێت، زمان و دەنگی زاڵی دەقەکەیە و بەسەر بێژەر و تاکە تاکەی کەسایەتییەکاندا دەیسەپێنێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆمان بە پێچەوانەی جۆرەکانیتری ئەدەب و بە تایبەت شێعر، مەیدانی دەرکەوتن و ململانێ و دیالۆگی دەنگی جیاوازی مرۆڤە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵە. نووسەری ڕۆمان، بە پێچەوانەی شاعیر کە تەنیا قسەی خۆی دەکات و لە هەست و هزری خۆی دەدوێت، دەبێ لە مابەینی خۆی و نووسینەکەیدا مەودایەک ساز بکات. مەودایەک کە دیالۆگ و دەنگی جیاوازی کەسایەتییەکان پڕی بکاتەوە. من بەر لەوەی بچمە ناو باسی چییەتی و چۆنییەتی دەرکەوتنی زمان و دەنگی جیاوازی کەسایەتییەکان، دەبێ دان بەو ڕاستییەدا بنێم کە تاک دەنگی یان فرەدەنگی لە ڕۆماندا پەیوەندی بە شعوور و زهنییەتی خودی نووسەرەوە هەیە. نووسەر هەیە کە حەز دەکات هەموو دنیا لە چاوی خۆیەوە ببینێت و بە زمانی خۆی شەرحی بکات، نووسەریش هەیە کە بە تەوازوعێکی زیاترەوە هەوڵ دەدات دنیا لە چاوی خۆی و خەڵکی ترەوە ببینێت و لە بری شەرحکردنی ئەم دنیایە، بە فۆڕم و شێوازێک ڕۆمانەکەی دابڕێژێت کە بێجگە لە خۆی، کەسانیتریش توانای دیالۆگ و وتووێژیان بۆ بڕەخسێت. من بەتایبەت لە ڕۆمانی «گرەوی بەختی هەڵاڵە»دا هەوڵم داوە لە بری شەرحکردنی چیرۆکەکە، فەزایەکی وەها بخوڵقێنم کە کەسایەتییەکان زۆرترین دەرکەوتنی ڕاستەوخۆیان ببێت و، لە بری ئەوەی لە زمانی نووسەر یان بێژەرەوە شەرح بکرێن، ڕاستەوخۆ خۆیان بدوێن و بەو ئاخاوتنە ڕاستەوخۆیە پەردە لەسەر زهنییەتیان بەرامبەر بە ڕووداوەکان هەڵبدەنەوە.
ئێستا کە تۆ پێتوایە جیاوازی لە مابەینی زمان و دەنگی کەسایەتییەکاندا نییە، دەبێ بەر لە هەموو شتێک باسی جەمسەری جیاوازییەکان بکەین. دەبێ لە خۆمان بپرسین ئەوە چییە کە زمان و دەنگی کەسێک لە زمان و دەنگی کەسێکی تر جیا دەکاتەوە؟ هەندێک کەس پێیان وایە کۆمەڵێک وشە و دەستەواژەی وەک «ئەیەڕۆ» یان «خوشکت کوێر بێت» یان «تۆش برامی» و… زمان و دەنگی ژن لە پیاو جیا دەکاتەوە. یان پێیان وایە منداڵ لە ڕۆماندا لە بری ئەوەی بڵێت «ئەڕۆم» دەبێ بڵێت «ئەلۆم» یان پێیان وایە هەولێرییەک دەبێ بە زاراوەی هەوڵێر قسە بکات و سنەییەک دەبێ بە زاراوەی سنە. ئەم بۆچوونە ئەگەرچی هەڵە نییە بەڵام زۆر ساویلکانەیە. ئەم جۆرە کارکردنە جیاوازیی زمان و دەنگی کەسایەتییەکانی لێ ناکەوێتەوە. جیاوازی زمان و دەنگی کەسایەتییەکان لایەنێکی قووڵتریشی هەیە کە لە زهنییەتی کەسەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. یان وەک تۆ لە پرسیارەکەتدا ئاماژەی پێدەکەیت، لە ئاستی فەرهەنگی و ڕۆشنبیریی و دنیابینیانەوە سەر هەڵدەدات. ئێستا ئەگەر بچینە سەر زمانی کەسایەتییە ژنەکانی ڕۆمانەکە وەک هەڵاڵە یان گوڵاڵە یان دایکیان یان ڕەعنا و… زمانی کامە لەم کەسایەتییانە لە زمانی نووسەر یان تەنانەت بێژەری ڕۆمانەکە نزیکە؟ ئایا جیاوازییەک لە مابەینی زهنییەت و ئاستی ڕۆشنبیری و فەرهەنگی ئەمانەدا نییە؟ ئەگەر هەیە جگە لە زمان و ئاخاوتنیان، جگە لەو وشانە کە بەکاری دەبەن و جگە جۆری ڕستەسازییان، لە چیدا دەرکەوتووە؟ ئایا بە گوتەی کوردی خۆمان، دەم و دووی هەڵاڵە و دایکی وەک یەکە؟ ئایا ئەگەر خوێنەر پاراگرافێک لە ئاخاوتنی هەر یەک لەم دوو کەسە بخوێنێتەوە، هەر بە زمانی ئەو پاراگرافەدا نازانێت کە ئەمە ئاخاوتنی دایکە یان کچ؟ ئاخاوتنی خوێنەوارە یان نەخوێنەوار؟ ئاخاوتنی ژنێکی تەسلیمە یان ژنێکی عاسی؟ ئەگەر دەرفەت ببوایە و نموونەم بهێنایەوە دەردەکەوت کە بێگومان دەزانێت.
من کاتێک لە ڕۆمانی کوردیدا کەسایەتی نەخوێنەواری خاوەن پیشە و پێگەی نزمی کۆمەڵایەتی دەبینم کە وەک نووسەر و شاعیر و مامۆستای زانکۆ بیر دەکەنەوە و، وەک ئەوان دەئاخێۆن و، بە کەلتووری ئەوان هەڵسوکەوت دەکەن، یان لەوەش سەیرتر بە زمانی ئەوان ( کە بێگومان زمانی بە قەرز وەرگیراوی نووسەرە ) دەدوێن و باسی ئەدەب و هونەر و سیاسەت و تەنانەت فەلسەفە دەکەن، پێکەنینم پیان دێت و پێموایە چیرۆکێکی تەوس و کۆمیدی دەخوێنمەوە. لە خۆم دەپرسم ئایا بەڕاست کۆمەڵگەی ئێمە ئەوەندە پێشکەوتووە کە ژنانی ناو ماڵ، کرێکارانی نەخوێندەوار، مناڵانی بۆیاخچی بتوانن بەو شێوە بیروبۆچوونی عالمانەی خۆیان دەرببڕن؟ ئێستا دەپرسم کام کەسایەتیی ڕۆمانی «گرەوی بەختی هەڵاڵە» بەبێ ڕەچاوگرتنی پیشە و پێگەی کۆمەڵایەتی و ئاستی کەلتوور و ڕۆشنبیریی خەڵکانی سەر بەو پیشە و پێگەیە دواوە؟ لە کوێ من بەم شێوە ناحەزە ــ کە بەداخەوە لە لای ئێمە بۆتە نەریتێک ــ گەمەم بەعەقڵی خوێنەری ڕۆمانەکانم کردووە؟ ئایا دوانی کەسایەتییەکانی ئەم ڕۆمانەی من لە ئاستی زهنییەتی خەڵکانی وەک ئەوان نییە؟ ئایا حەمەرەشید ئاغا هەمان زهنییەت و زمانی سەعیدی هەیە کە پیاوێکی نووسەر و مامۆستای زانکۆیە؟ ئایا ئەو شتێک دەڵێت کە لە کەسێکی وەک خۆی نەوەشێتەوە؟
لە وەڵامی ئەوەشدا کە دەڵێیت هەندێک لە کەسایەتییەکان لە گوندەکانی کوردستان چۆن قسەیان کردووە لە سویدیش بەو شێوە دەدوێن، دەبێ بڵێم ڕاستە زۆربەی پەنابەرانی کورد لە ئەورووپا، وەک هەموو پەنابەرێکی تر لە قسە کردنیاندا کۆمەڵێک وشە و ئایدیۆمی زمانە ئورووپاییەکان بەکار دەبەن کە کەسایەتییەکانی ئەم ڕۆمانە لە ئاخاوتنیاندا جگە لە یەک نموونە ( بەکارهێنانی وشەی کاتاسترۆف لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا ) ئەم وشە و ئایدیۆمانە بەکار ناهێنن، بەڵام هەر وەک وتم بەکارهێنانی ئەم جۆرە وشانە مەگەر لە شوێنی خۆیدا و بۆ مەبەستێکی تایبەت ئەگینا هیچ دەورێکی ئەوتۆیان لە جیاوازیی دەنگ و زمانی کەسایەتییەکاندا نییە. ئەوەی کە گرینگە ئەوەیە کە ئەگەر کەسایەتییەکان لە گوندەوە بۆ سوید گۆڕانێک بەسەر زهنییەت و بۆچوون و بیرکردنەوەیاندا هاتبێت بە شێوەی قسەکردن و ئاخاوتن و دەربڕینیاندا دیارە. بۆ نموونە برا چکۆلەکەی هەڵاڵە کاتێک لە گوند قسەی دەکرد قسەکانی پڕ لە شەڕەنگێزی و تووڕە و تۆسنی بوو، بەڵام کاتێک لە سوید بۆ مام و برا و خوشک و زاواکەی دەدوێت، ئەوەندە بەنەرمی و هێمنی و ژیری دەدوێ کە تەنیا لە خوێندکارێکی زانکۆ لە سوید دەوەشێتەوە. یان مەجیدی برا گەورەی هەڵاڵە، یان مام و تەنانەت ئامۆژنەکەی. لەم ناوەدا ڕەنگە تەنیا شێرزاد و تا ڕادەیەکیش گوڵاڵە بێت کە جیاوازییەکی ئەوتۆ لە مابەینی زهنییەت و زمانیان لە کوردستان و سوید نییە. ئەویش بەو هۆیەوەیە کە هەر دووکیان و هەر کامە بە ڕێژەیەک تەنیا بە جەستە لە کوردستان دابڕاون و هیچ گۆڕانێکی ئەوتۆ لە زهنییەت و بیروبۆچوون و فەرهەنگ و ڕۆشنبیرییاندا نەبووە.
پرسیار: بەهێمنی بابەتێکی گەورە و هەستیارت وروژاندووە لەم ڕۆمانەدا، ئەویش ناکۆکیی نێوان کولتوری خۆرهەڵات و خۆرئاوایە. ونبوونی شارستانیەتە بچوکەکانە لە ناو شارستانیەتە گەورەکاندا. ئەم ناکۆکییە وای کردووە چارەنووسی زۆربەی کەسایەتییەکان بە تراژیدیا کۆتایی بێت. خۆت ئەم حاڵەتە چۆن لێک دەدەیتەوە؟
وەڵام: ڕەنگە من بەم شێوە بۆ بابەتەکە نەچم. من پێموایە ئەم ڕۆمانە وەک بەشێک لە کارەکانیترم، ئاوڕی لە کێشەیەک داوەتەوە کە کێشەی سەرەکیی مرۆڤ و کۆمەڵگەی کوردییە. ئەمەش کێشە و ناکۆکیی نێوان مۆدێڕنیتە و نەریت، یان شێوەی بیرکردنەوە و ژیانی مۆدێڕن لەگەڵ شێوەی بیرکردنەوە و ژیانی کۆن و نەریتییە. ئەگەر ئەم کێشەیە بەلای هەندێک کەسەوە لەم ڕۆمانەدا وەک کێشەی نێوان دوو کەلتووری خۆراوایی و خۆرهەڵاتی دەنوێنێت لەبەر ئەوەیە کە بەشێک لە فەزای چیرۆکەکە و شوێنی ڕووداوەکان وڵاتێکی خۆراوایی وەک سویدە.
من کێشەی نێوان مۆدێڕنیتە و نەریت یان شێوە بیر کردنەوە و ژیانی مۆدێڕن و تەقلیدی، بە کێشەی نێوان دوو کەلتووری ڕۆژاوایی و ڕۆژهەڵاتی نازانم. بەڵکوو بە کێشەی نێۆان کەلتوورێکی تازەی هاوچەرخ و جیهانشموول لەگەڵ کەلتوورێکی کۆنی لۆکاڵی و ناوچەیی تێدەگەم. ئەمە بە مانای بە چاک زانین و وەرگرتنی هەموو لایەنەکانی یەکێک لەم دوو کەلتوورە و ڕەتکردنەوە و ڕەفزکردنی سەرجەمی کەلتوورەکەی تر نییە. بە بۆچوونی ئێستای من، ئەم ڕۆمانە لە یەکێک لە ڕەهەندەکانیدا نمایشی شێوەی مامڵە و ڕووبەڕوو بوونەوەی چەوتی هەندێک کەس دەکات لەگەڵ کێشەی نێوان ئەم دوو کەڵتوورەدا. نمایشی ئەو ڕووداو و کارەساتە تراژیکانە دەکات کە بەرئەنجامی ئەم جۆرە لە مامڵە و ڕووبەڕوو بوونەوە چەوت و هەڵەیەیە کە لە نەناسینی هەر دوو کەلتوورەکەوە سەرهەڵدەدات. بۆ نموونە من شەڕ و کێشەی هەڵاڵە و شێرزاد بە شەڕ و کێشەی نێوان دوو کەڵتوورەکە نازانم. چونکا شێرزاد کەمترین ئاگاداریی لە هەر دوو کەڵتوورەکە هەیە. ئەوەی پێی دەڵێت ئەخلاقی کوردانە هیچ نییە جگە لە تێگەیشتنی خۆی لە لایەنێک لە کەلتووری کوردی و ڕۆژهەڵاتی. هەڵاڵەش ئەگەر ئاگادارییەکی ڕێژەیی لە هەر دوو کەلتوورەکەش ببێت، کەوتووەتە دۆخێکەوە کە ناتوانێت دانووستانێکی دروستیان لەگەڵ بکات. سەیر ئەوەیە کە زۆربەی کەسایەتییەکان کاتێک دەکەونە دۆخێکی تایبەتی عاتفییەوە، نوقمی کەلتوورە نەرێتییەکە دەبن. نەوەک بەو مانا کە وەریبگرن بەڵکوو وەک دیاردەیەکی یەکپارچە و یەکدەست ڕەتی دەکەنەوە و هەموو تاوانەکانی دەدەنە پاڵ. ڕەنگە تەنیا دوکتۆر سەعیدە کە وێڕای ئاگاداریی زیاتر لە هەر دوو کەلتوورەکە، لەم دۆخە تایبەت و عاتفیانەشدا هەوڵ دەدات بە هەڵوێستێکی ڕەخنەگرانە بۆ هەر دوو کەلتوورەکە، تەسلیمی ئەو کەش و دۆخە عاتفی و سۆزداریانە نەبێت و هەروا واقیعبین بمێنێتەوە.
پرسیار: کاتێک هەڵاڵە لە خەستەخانە دەکەوێت کێشەی گەورەی دکتۆرەکان ئەوەیە کە دەڵێن هەڵاڵە عەقڵی زەربەی بەرکەوتووە نەک جەستەی. واتە خەمی پزیشکە سویدیەکان عەقڵی هەڵاڵەیە نەک جەستەی و شوێن زەخماری خەنجەرەکە. ڕەنگە بتەوێت لەم ڕێگەیەوە بڵێیت تاکی خۆرهەڵاتی کێشەی فکری و عەقڵییان هەیە، یاخود ئەو بینینە کورتانەی تاکی کوردی کە سنوورەکانی جەستە تێناپەڕێنێت؟
وەڵام: بە بڕوای من ڕۆمان وەک هەموو داهاتەیەکی ئەدەبی و هونەریی تر دەبێ فرسەت و مەجالی خوێندنەوەی جیاواز بە خوێنەرەکانی ببەخشێت. هەندێک خوێندنەوە دنیای بەرهەمەکە و مانا و پەیامەکانی بچووک و بەرتەسک دەکەنەوە و، هەندێکی تر بە پێچەوانەوە بەربڵاوتری دەکەن. بەڵام مەرج نییە هەموو ئەم خوێندنەوانە لە خودئاگای زهنی خاوەنی بەرهەمەکەوە سەریان هەڵدابێت. بە نسبەت پرسیارەکەشەوە تۆ وەڵامێکی ڕاست و ڕەوانت لە من دەوێ و، منیش دەڵێم ڕاستت بوێ لە کاتی نووسینی ئەو بەشە و تەنانەت لەوە دواش بیرم لەمە نەکردۆتەوە. ئەوەندەی من ئاگادار بووبێتم هەڵاڵە بە بێهۆشی و بێزمانییەکی ڕەها لەسەر تەختی نەخۆشخانە کەوتووە و هۆکارەکەشی تەنیا ئەوە نەبووە کە خەنجەرێک جەرگی هەڵدڕیبێت، بەڵکوو لە کاتی کەوتنیدا سەری بەر پایەی مۆبلەکە کەوتووە و مێشکی سەدەمەی بینیوە. واتە بێهۆشییەکەی هەڵاڵە زیاتر بە هۆی ئەو مێشک پژانەوەیە. ئەمەندە و هیچی تر.
پرسیار: خەنجەرت شوبهاندووە بەو ڕق و کینەی کە لە عەقڵی خێڵەکییەوە دەردەچێت، شار و وڵات و سنوورەکان دەبڕێت و بە دوای هەڵاڵەی نێچیردا دەگەڕێت.. هەربۆیە تاکە دیاریی باوکی هەڵاڵە بۆ شێرزادی زاوای خەنجەرەکەیەتی، واتە داوا لە شێرزاد دەکات دەستبەرداری ئەخلاق و بیرکردنەوەی کوردانەی خۆی نەبێت..؟
وەڵام: بۆچوونەکەی تۆ تا ڕادەیەکی زۆر ڕاستە، بەڵام شتەکان ئەوەندە لە وشیاری و خودئاگای کەسەکانەوە سەرهەڵنادەن کە تۆ باسی دەکەیت. بە ڕای من نە باوکی هەڵاڵە بە تایبەت ئەو خەنجەرە وەک دیاری دەدات بە شێرزادی زاوای کە شەرەفی پێ بپارێزێت. نە شێرزاد دەزانێ ئەوە هێمای ڕق و قینی عەقڵی خێڵەکییە و شارەوشار و وڵاتەووڵات دەیگێڕێت، نە بەر لە کارەساتەکە پلانی بۆ کوشتنی هەڵاڵە بەو خەنجەرە داناوە. دەمەوێ بڵێم نەک هەر هەڵاڵە، بەڵکوو هەموو کەسایەتییەکانی ئەم ڕۆمانە نێچیری ناو داوی قەدەرێکن کە دەشێ بگوترێت ئەو عەقڵە خێڵەکییە ڕەنگی بۆ ڕشتووە.
ڕاستە لە ڕۆمانەکەدا خەنجەر هێمایە بۆ میراتێکی پێشینیان کە لە کۆنەوە بۆ خەڵکی ئەم سەردەمە ماوەتەوە، بەڵام ئەم خەنجەرە بەشێکە لە خەزێنەیەکی دزراو و بزر. لە ڕۆمانەکەدا هاتووە کە کەسانێک هاتوون و ئەم خەزێنەیان دۆزیوەتەوە، باشترین و بەنرخترین شتەکانیان هەڵگرتووە و بێنرخترین شتیان کە هەمان خەنجەری ژەنگاوییە بەجێهێشتووە. بۆ ئەوەی کەسێکی وەک حەمەڕەشید ئاغا بیدۆزێتەوە و شانازیی پێوە بکات، کەسانێکی وەک ژن و منداڵەکەی بە زمانی تەوس و گاڵتەجاڕانە پێی بڵێن کە ئەمە دیاری و خەڵاتی پێشینیانە بۆ کوڕە ئازا و دلێرەکەی. ئەم دۆخە تەوساوییە لە هەمان کاتدا دۆخێکی تراژیکیشە. بەلای منەوە ئەمەش یەکێک لە کارەساتە دڵتەزێن و ونەکانی ئەم ڕۆمانەیە. کەسێک کە ساڵەهای ساڵ لە پێناوی وڵاتەکەیدا زیندان بووە و ئەشکەنجەی بینیوە و شەڕی کردووە، قەدەر و چارەنووسێکی ئاوا کۆمێدی و تراژدی هەیە. ڕەنگە هەموو خوێنەرێک پەی بە قووڵایی ئەم دۆخە تراژیکە نەبات. جا ئەگەر بە شێوەی بۆچوونە ڕەواکەی تۆ، ئەو خەزێنەیە بە کۆی کەلتووری کوردی یان ڕۆژهەڵاتی بزانین، دەبێ هەر وەک لە ڕۆمانەکەدا هاتووە زۆر شتی جوان و لایەنی بەنرخیشی تێدا بووبێت. کەچی لە هەموو ئەو خەزێنەیە خەنجەرێک بەر حەمەڕەشید ئاغا دەکەوێت کە کچەکەی پێ دەکوژرێت، زاواکەی پێ دەبێ بە قاتڵ و پیاوکوژ و ئەو کارەساتە تراژیکەی لێ دەکەوێتەوە. ناخۆش ئەوەیە لە دەرەوەی وڵاتیش، تەنیا ئەو خەنجەرەیە کە دەبێتە هێما بۆ کەلتووری رۆژهەڵاتی و کوردی. تەنیا ئەوە کە بەرجەستە دەکرێتەوە و ڕۆژنامە و ڕادوێ و تەلەفزیۆنەکان باسی دەکەن و ڕەسمی بڵاو دەکەنەوە و چیرۆکی ڕاست و درۆی لەسەر دەنووسن.
پرسیار: باوکی هەڵاڵە نوێنەرایەتیی ئەو عەقڵە ترادسیۆنیە دەکات کە لە خێزان و کۆمەڵگەی ئێمەدا بوونی هەیە و لە نێو پانتایی کولتور و پەیوەندیەکانیشماندا کاریگەریی خۆی هەیە. لەم ڕۆمانەدا هەمان عەقڵیەت ڕابەرایەتیی حزب و شۆڕش دەکات، هەر بۆیە هەمیشە بەگومانەوە تەماشای کەسایەتیی برایمۆک دەکەن کە کەسایەتیەکی ڕۆشنبیرە. تەنانەت پاش مردنیشی هیچ کاریگەریەکی ناخۆش لەناو هاوڕێکانیدا بەجێ نامێنێت و تەنها لای هەڵاڵە بەزیندوویی دەمێنێتەوە؟
وەڵام: من پرسیارێک لەم پاراگرافەدا نابینم. ئەمە زیاتر لە خوێندنەوەیەکی خۆت دەچێت. بەڵام ئەگەر بتەوێ بۆچوونی من لە بارەی ئەم خوێندنەوەی خۆتەوە بزانیت، دەبێ بڵێم بەداخەوە ئەم عەقڵییەتە نەک هەر لە ناو خێزان و حیزب و شۆڕشدا، بەڵکوو لە هەموو ئاست ئاقارێکی ژیانی کۆمەڵایەتی و لە ناو هەموو دامەزراوێکی کۆن و نوێی سیاسی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت فەرهەنگی و ڕۆشنبیریشماندا دەستی باڵای هەیە و دەسەڵاتی زاڵە. مێژوو، ئەدەب، زانست و تەنانەت زمانەکەشمان لە ژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی ئەو عەقلییەتە پیاوسالارەدایە. چارەنووسی ڕۆشنبیر لەم کۆمەڵگەیەدا، چارەنووسی ئەو کوڕە عاشقەیە کە ژیانی لە داوی گرێوی گەورەکاندایە.
پرسیار: بەگشتی ئەم ڕۆمانە حیکایەتێکی واقعیمان بۆ دەگێڕێتەوە. دەکرێت ناوی بنێین ڕۆمانێکی واقعی؟ یاخود ڕۆماننووس دەکرێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕووداوە واقعیەکاندا بکات و بیانکاتە کەرەستەی ئەدەبی و ڕۆمان؟
وەڵام: ئەدەبی هاوچەرخ و مۆدێڕن هەرچی هەبێت لە واقیعەوە هەیەتی. واقیع بە هەموو پەڵۆخی و کەراهەتییەوە چوار دەوری مرۆڤی ئەم سەردەمەی تەنیوە و لە خۆیدا نوقمی کردووە. ئەگەر لە سەردەمانی پێشوو ئوستوورە و ئەفسانە و بەیت و حەقایەتەکان ڕەنگدانەوەی ئاوات و خەون و خۆزگە دوورەدەستەکانی کۆمەڵگە سەرەتاییەکان بوون، لەبەر ئەوە بوو کە مرۆڤی ئەو کۆمەڵگانە توانا و عەقڵی ناسین و گێڕانەوەی واقیعی دەوروبەریان نەبوو. بۆیە بە داهێنانی فەزاگەلی وەهمی و فانتاستیک، خۆیان لە واقیع دەدزییەوە. یان با بڵێم لە پەنای ئەو جۆرە فەزا ناواقیعیانە پشوویان دەدا و لە ژێر سایەی پاڵەوانە ئوستوورەییەکاندا دەحەسانەوە. مرۆڤی ئەم سەردەمە تووشی وەهمێکی جیاواز لە وەهمەکانی پێشووی بووە کە ئەویش وەهمی ناسین و گۆڕینی واقیعە. مرۆڤی ئێستا ئیتر لە ناو ئەو فەزا وەهمی و ئەفسانەییانەدا هەست بە ئاسوودەیی ناکات. پاڵەوانە ئوستوورەییەکانی ئێستا هەموویان واقیعین. بۆیە خۆ دزینەوە لە واقیع دادی مرۆڤی ئەم سەردەمە نادات و ئارامشی پێ نابەخشێت. بەڵام ئەمە بە مانای تەسلیم بوون بە پەڵۆخی و کەراهەتی واقیع و نەبوونی هیچ ترووسکاییەک نییە. بێگومان لە بیرتانە کە لە سەرەتای سەدەی ڕابوردووەوە چەندان هونەرمەند و شاعیر و نووسەری داهێنەر، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ فەزا ئوستوورەیی و ئەفسانەییەکانی پێشوو، هەموو هێز و توانای خۆیان بۆ داهێنانی فەزاگەلێکی دوور لە واقیع داناوە. ئەڵبەت نەک بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە، بەڵکوو بۆ ئەوەی بە پێداچوونەوە و خوێندنەوەیەکی دووبارەی ئەو فەزاگەلە، ڕێچکە و ڕێبازێکی ئیمڕۆییانە، نە وەک بۆ دابڕان لە واقیع، بەڵکوو بۆ دابڕان لە داهێنانی واقیعیانە و ڕیالیستی بدۆزنەوە. چەندان قوتابخانە و ڕێبازی هونەری و ئەدەبی وەک سورڕیالیسم بەرهەمی ئەو گەڕان و هەوڵدانەیە. لە هەموو ئەو هەوڵ و داهێنانانەشدا مرۆڤی داهێنەر لە واقیع دانەبڕاوە، بەڵکوو واقیعی لە فیلتەری زهنی داهێنەرانەی خۆی داوە. بۆ ئەوەی لەو دیوی فیلتەرەکەوە بەرهەمێکی هونەری و ئەدەبی بێتە دەر کە دووبارە نوێنی واقیع نەبێت، بەڵکوو واقیعێکی تر بێت بە ناوی واقیعی هونەری یان ئەدەبی. واقیعێک بە فۆڕمێکی تر و بە ساختارێکی تر. واقیعێکی زهنی. کەواتە دەکرێ بڵێم ئەگەر ئوستوورە و ئەفسانەکانی سەردەمانی پێشوو نمایشی تێنەگەیشتنی کۆمەڵ لە واقیع بوون، چیرۆک و بە تایبەت ڕۆمانی ئەم سەردەمە نمایشی تێگەیشتنی شەخسی و تاکەکەسییە لە واقیع. ئەگەر لە ئوستوورە و ئەفسانەکاندا بەها بە دابڕان لە مرۆڤ و ڕووداوی واقیعی دەدرا و مرۆڤ و ڕووداوی ناواقیعی بەرجەستە دەکرایەوە، لە چیرۆک و بە تایبەت ڕۆماندا بەها بە دابڕان لە فۆڕم و شێوازی دەرکەوتن و ڕەوایەتی واقیع دەدرێ و، هەوڵ بۆ داهێنانی فۆڕم و شێوازێکی نوێی دەرکەوتن و گێڕانەوە دەدرێت.
زۆر بەکورتی، بەبڕوای من واقیع بە هەموو لایەن و ڕەهەندە دیار و نادیارەکانییەوە گرینگترین و سەرەکیترین کەرەستەیە بۆ ڕۆمان، بەو مەرجەی کە لە فیلتەری زهنی نووسەر تێبپەڕێت و بە فۆڕمێکی جیاواز کە داهاتەی زهنی داهێنەری نووسەرە دەربکەوێتەوە.
پرسیار: ئەم ڕۆمانە هەڵگری بەهای جوانیی داهێنانە، ئەم بەها جوانییە پەیوەندی نێوان خوێنەر و تێکست پتەوتر دەکات. بەڵام پێتوایە ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بتوانێت لە دەرەوەی ئەم بەهاو پەیوەندییەدا شتێکی تازە لەسەر ئەم ڕۆمانە بڵێت؟
وەڵام: من بۆچوونی تایبەت بەخۆم بۆ ڕەخنەی ئەدەبی هەیەو، لێرە و لەوێش لە چەند نووسینێکدا باسم کردووە. من پێموایە بەرهەمی ئەدەبی وەک ڕۆمان، شارێکی گەورە و فرە ڕەهەندە و، خوێنەر دەبێ خۆی تیایدا بگەڕێت تا پەی بە بەشێک لەم لایەن و ڕەهەندانە ببات و بیانناسێت. بەڵام بۆ ئەوەی خوێنەر تووشی سەرلێشێواوی نەبێ و هەموو کاتەکەی لە کۆڵانێکی ئەو شارەدا نەسووڕێتەوە و، پێی وا نەبێ هەموو شارەکە ئەو ڕاستە کۆڵانەیە و هیچی تر، دەبێ بەر لە هەموو شتێک فۆڕم و ساختاری شارەکە و میعماریی شەقام و کۆڵانەکان و مەیدانەکانی بناسێت. دەبێ لە جیاوازی زمانی خەڵکەکە و زمانی دیاردەکان (نیشانە و هێماکان) تێبگات و، پێشینەی ئەو دیاردە و دەرکەوتە کەلامییانە بناسێت. دەبێ ئەو دەرفەتەی پێ بدرێت کە لە قسە و کردە و ڕەفتاری خەڵکەکەی ورد ببێتەوە و لە پەیوەندییەکانی نێوانیان بگات. بێگومان سەفەر و گەڕانێکی ئاوا ورد، بۆ هیچ موسافیرێک ئاسان نییە. هەموو موسافیرێکی لەم چەشنە پێویستیی بە کۆمەڵێک دەلیل و خەڵکی شارەزا هەیە، کە هەر کامەیان بۆ ناسینی لایەن و ڕەهەندێکی شارەکە یارمەتی بدەن. هەروەها کە هەموو خوێنەرێکی ڕۆمانیش پێویستی بە کۆمەڵێک ڕەخنەگر هەیە کە هەر یەکە و بەپێی توانای خۆی و بە مەنهەجێک کە لێی شارەزایە یارمەتی بدەن تا لایەن و ڕەهەندێکی دنیای ڕۆمانەکەیان باشتر و وردتر بۆ ئاشکرا بکات. ڕاستت بوێت، بە قەدەر ئاگاداری کەمی من لە ڕەخنەی ئەدەبی کوردی، ناتوانم بیشارمەوە کە بەشێکی زۆر لەو کەمە ڕەخنە نووسەی کورد وەک دەلیلێکە کە خۆی بە جوانی بە شارەکەدا نەگەڕاوە و ئاگادارییەکی ئەوتۆی لە فۆڕم و ساختار و میعماریی شارەکە نییە و لە زمانی خەڵک و نیشانەکان ورد نەبووەتەوە. بۆیە کەسی ئاوا ناتوانێ هیچ موسافیرێک بەو شارەدا بگێڕێت. کەسی ئاوا ناچارە لە سووچێک دابنیشێ و لە دوورەوە هەندێک شتی دیار و بەرجەستە و گشتی نیشان موسافیرەکە بدات، ئەوسا بە سەعات لە بارەی ئەو دیاردە گشتییانەوە بۆی بدوێت.
ئەوەی من لە ڕەخنەی کوردی دەیناسم و خوێندوومەتەوە بێجگە لە چەند نوسینێکی دەگمەن، ڕەخنەیەکی ناوەرۆکخوازی تێپەڕە. بەو مەعنا کە ڕەخنەگر لە کۆی تێم و موتیڤەکانی بەرهەمێک، یەک یان چەند تێم و موتیڤی دیار و بەرجەستە هەڵدەبژێرێت و وەک چەمکێکی گشتی لەسەری دەنووسێت. بۆ نموونە ئەگەر یەکێک لە تێمەکانی بەرهەمێک عەشق، خەیانەت، کوشتن و قوربانی، براکوژی، باوک کوژی یان … بێت، ڕەخنەگر بە ئاماژەکردن بەو تێمە، وتارێکی دوور و درێژی فەلسەفی، کۆمەڵایەتی، دەروونناسی یان … لەسەر ئەو چەمکە دەنووسێت. ڕەنگە جاروبار سووکە ئاوڕێک لە ڕستەیەکی بەرهەمەکە بداتەوە، بەڵام سەرچاوەی سەرەکیی نووسینەکەی، لەبری ئەوەی بەرهەمەکە یان زانیاریی خۆی لەسەر ئەدەب و بەرهەمە ئەدەبییەکان بێت، یەک یان چەند کتێب یان وتاری فەلسەفی، کۆمەڵناسی، دەروونناسی و چی و چییە کە هەندێک جار پەیوەندییەکی ئەوتۆشیان بە ئەدەب و بەرهەمە ئەدەبییەکە و تەنانەت ئەو تێمەشەوە نییە. هەروا کە گوتم بێجگە لە چەند نووسینێکی دەگمەن، کەم ڕەخنەی ئەدەبیم بە کوردی خوێندۆتەوە کە هەست بکەم نووسەرەکەی ئاگاداری و مەعریفەی بەرامبەر بە ڕۆمان و توانا و قابلییەتەکانی ئەم ژانرە و ئاڵۆزییەکانی دنیای ڕۆمان هەیە. بۆیە ڕەخنەگرێکی ئاوا ناتوانێت قسە لە سستی یان پتەوی فۆڕم و ساختار و دارشتنی بەرهەم بکات، لە ڕەوایی یان ناڕەوایی بەکارهێنانی تەکنیکەکانی بدوێت، لە سەر سستی و لاوازی داڕشتنی کەسایەتییەکان بنووسێت، باسی زمانی گێڕانەوەکە و باش و خراپی زمانی نووسەر یان بێژەر یان کەسایەتییەکان بکات، لە جۆری بێژەر و گۆشە نیگای گێڕانەوەکە و، باش و خراپی ئەم بابەتانە بدوێت، کە ئەمانە گرینگترین بەشی کاری نووسین و، کلیلی پێویست بۆ چوونە ناو دنیای ڕۆمانەکە و، کەشفی مانا و پەیامە دیار و شاراوەکانن.
پرسیار: ئەگەر ڕەخنەشمان هەبێت ئەوەندەی گرنگی بە کەسێتی خاوەن تێکستەکە دەدات ئەوەندە گرنگی بە خودی تێکستەکە نادات، تۆ لەو بڕوایەدایت ئەم ڕۆمانە وەک چەندین بەرهەمی ناوازەی ئەدەبیی دیکە لەبەین بچێت و بچێتە خانەی لەبیرچوونەوەوە؟
وەڵام: سەرەتا با لە بەشی کۆتایی پرسیارەکەتەوە دەست پێ بکەم. من نازانم ئەو چەندین بەرهەمە ناوازە ئەدەبییە کە تۆ پێت وایە بەهۆی نەبوونی ڕەخنەی ئەدەبییەوە لە بەین چوون و چوونەتە خانەی فەرامۆشییەوە کامانەن. ڕاستت بوێ من بڕوام بەوە نییە کە هیچ هێزێک بتوانێت بەرهەمێکی ئەدەبیی ناوازە، واتە بەرهەمێک کە بەڕاست داهێنەرانە و هەڵگری بەهای ئەدەبی و هونەری جوان بێت، لە بەین ببات. بەرهەمی داهێنەرانە کە خاوەنی هەموو تایبەتمەندییەکان بێت، نەوەک هەر ناپووکێتەوە و ناچێتە خانەی فەرامۆشییەوە بەڵکوو بەردەوام بەشێوەگەلی جیاواز و تەنانەت لە بەرهەمەکانی پاش خۆشیدا، بەها جوانەکانی بەرهەم دەهێنێتەوە. ڕاستە کە زۆر بەرهەمی لەم چەشنە لە شوێنێک و قۆناغ و سەردەمێکی تایبەت وەرنەگیراون، یان خوێنەری ئەو شوێن و سەردەمە پەیان بە بەهاکانیان نەبردووە، بەڵام ئەم جۆرە بەرهەمانە قابلییەتی کۆچ کردن بۆ شوێن و بە تایبەت بۆ قۆناغ و سەردەمێکیتریان هەیە و، ڕۆژێک لە ڕۆژان خۆیان و بەهاکانیان ئاشکرا دەکەن. نموونەی مێژوویی زۆر هەیە کە ڕاستی ئەم بۆچوونە بسەلمێنێت. ئەڵبەت ئەمە بەو مانایە نییە کە هەر بەرهەمێک لە شوێن و کاتی خۆیدا وەرنەگیرا و خەڵک نەیخوێندەوە و بەهای پێنەدا، ئەوە بەرهەمێکی ناوازەیە و، نووسەرەکەی پێی وا بێت کە بەها جوان و ئەدەبییەکەی لە داهاتوودا دەردەکەوێت. من حەز ناکەم هەر نووسەرێکی بێدەسەڵات و کەم بەهرە کە خەڵک و خوێنەواران ئاوڕیان لە بەرهەمەکەی نەدایەوە، ئەم قسانە بکاتە پاساوی بێ بەهرەیی خۆی و سستی بەرهەمە ئەدەبییەکەی. ئەگەر وابێت ئەمە دۆخێکی کۆمێدی و لە هەمان حاڵدا تراژدییە کە ئەو نووسەرە تێی دەکەوێت.
بەڵام بەنسبەت ڕەخنەی کوردییەوە، من لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا هەندێک بۆچوونی خۆم دەربڕیوە. من پێموایە ئەگەر ڕەخنەگری ئەدەبی توانای خوێندنەوە و پرسیارکردن لە تێکستەکەی نەبێت، خوێندنەوە و پرسیارەکانی دەگوێزێتەوە بۆ دەرەوەی تێکستەکە. واتە بابەتێکیتر وەک مەرجەع و سەرچاوە بۆ نووسینەکەی هەڵدەبژێرێت. لە زۆر حاڵەتدا کتێبێک یان کۆمەڵە وتارێک یان بیروبۆچوونەکانی بیرمەندێک دەکاتە مەرجەعی سەرەکیی خوێندنەوەکە و، لە هەندێک حاڵەتیشدا خاوەنی تێکستەکە دەکاتە سەرچاوە. بۆیە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە و پرسیارەکانی، دەبێتە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە لە کارەکتەری خاوەنی تێکستەکە و، لە ژیانی خاوەنی تێکستەکەدا بۆ وەڵامی پرسیارەکانی ( ئەگەر پرسیارێک لە ئارادا بێت ) دەگەڕێت. من پێموایە ئەگەر بەهادان بە خاوەنی تێکست لە پێناوی کەشفی زیاتری جیهانی دەقە ئەدەبیەکەدا بێت ئەوە کارێکی چەوت و هەڵە نییە. ئەگەر زاکیرەم لەم کاتەدا یارمەتیی بدامایە چەند ڕەخنەگر و لێکۆڵەری ئەدەبیم ناو دەبرد کە بە ورد بوونەوە و خوێندنەوەی ژیانی نووسەرانێکی وەک تۆلستۆی و داستایۆڤسکی و تەنانەت کامۆ و کافکا و … هەوڵیان داوە کە لە دنیای بەرهەمە ئەدەبییەکانیان زیاتر نزیک ببنەوە و هەندێک ڕاستیی شاراوە لەسەر ئەو بەرهەمانە ئاشکرا بکەن. بەڵام بەداخەوە لە مەیدانی ڕەخنەی ئەدەبی کوردیدا من نموونەی ئاوام نەبینیوە. ئەوەی جار و بار بینیومە ئەوە بووە هەندێک کەس فرسەت و دەرفەتی بڵاوبوونەوەی بەرهەمێکی ئەدەبیان قۆستۆتەوە و بە نووسینێک، یان خۆشەویستی و شەیدایی خۆیان بۆ نووسەرەکە دەربڕیوە یان پەردەیان لە ڕق و قین و ناخۆشەویستیی خۆیان بەرامبەر خاوەنی بەرهەمەکە هەڵداوەتەوە. بەلای منەوە هەموو کەس مافی ئەوەی هەیە بە باڵای نووسەرێکدا هەڵبڵێت یان گلەیی لێ بکات، بەڵام منیش مافی ئەوەم هەیە کە ئەو نووسینانە بە ڕەخنە نەزانم و بەهەندیان وەرنەگرم. هەر وەک ئاماژەم پێ کرد من پێموایە ئەگەر کەسێک بیهەوێت پەی بەکاراکتەری ڕاستەقینەی نووسەرێک ببات و سەر لە دنیای فکری و زهنی نووسەرێک دەربێنێت، باشترین ڕێگە ئەوەیە کە لە دەقی داهێنانەکانی ورد ببێتەوە.
سەرچاوە:
http://dengekan.info
-
گرەوی بەختی هەڵاڵە
59,000 تومانبەردەستبوون: لە ئەمباردایەتەواو بووە
ئەوە چارەنووسی تۆیە هەڵاڵە، کە خەنجەرێک شاخەو شاخ، شارەو شار و وڵاتەو وڵات شوێنت بکەوێ، تا لێرە، لە ستۆکهۆلم، لە گەڕەکی فلەمینسبێرگ، نهۆمی چوارەمی باڵەخانەی ژماره هەژدە لە سنگت بچەقێ. خەنجەرێکی مشتوو کارەبا کە سەری مشتووەکەی سەرە داڵێکی ئاسنی بێ، بە دەندووک و زاری کراوە و، چاوەکانیشی دوو چاڵی رەش بن. کێ دەزانێ ئەو خەنجەرە لە کێلانی ئێستا ونبوویدا قەفی پشتێنی چەند نەوە لە پیاوانی وڵاتی بەردی پشکنێوە؟ …