“نەوەکەی میسیۆ لین” چەن جار حەپەساندمی!
نووسەری بابەت: ناسر فەتحی
ئەمشەو بە فایلی دەنگی [وەرگێڕانی فارسی] گوێم لە نەوەکەی میسیۆ لین ڕاگرت. کە ڕۆمانەکە دەستی پێ کرد، بەو درێنگی شەوە، سەرەڕای شەکەتییەی ڕۆژی پێشوو، خەو لە چاوم تارا و بە تەواوی بوونمەوە وەدوای چارەنووسی کوردشێوەی میسیۆ لین کەوتم.
هەر ئەم شەو هەمووم گوێ دایە و هەر بەم درێنگی شەوەش بە حەپەسانەوە ئەم نامەیەم بۆ کاک سەلاح بایەزیدی نارد: “سڵاو کاک سەلاح، هیوادارم ئەم پەیامە، دەنگەکەی لە خەوت نەکات.
کاکە گیان ئەم ڕۆمانەی فیلیپ کۆلۆدێل [نەوەی بەڕێز لین] زۆر سەمیمی و لە ڕۆحی کورد نزیکە، ئەگەر ڕۆژێک بە قەڵەمە جوانەکەی جەنابت وەربگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی، بێگۆمان خزمەتێکی شایانە بە کتێبخانەی کوردی.”
ئەمەش وەڵامی کاک سەلاح: “سڵاو و ڕێز هاوڕێ گیان،
من شەوانە وەک مریشک بەلادا دێم و بە تۆپیش خەبەرم نابێتەوە:
ئەمن ئەم ڕۆمانەم بە ئیزنی نووسەر و ئینتشاراتەکەی کردووەتە کوردی و غەزەلنووس چاپی کردووە. لەبەر ئەم ڕۆمانە فیلیپ-م خۆش ویست، نووسەرێکی زۆر تایبەت و خاکەڕایە. پایاننامەکەشم هەر لەسەر ئەم کتێبە نووسی.
ئەوە کتێبەکەی چاپی غەزەلنووسە:
نەوەکەی میسیۆ لین
Gepostet von ناوەندی غەزەلنووس am Sonntag, 8. November 2015
سوپاس و ڕێزی دووبارە
هەر بژی”
دیسان من بە حەپەسانەوە: “بەیانی باش کاکە گیان، لە بێ ئاگایان وایە کەس ئاگای لە هیچ نییە.
باوەڕکە نەم دەزانی کراوە بە کوردی، بە فارسی هەبوو، بەس باوەڕم نەدەکرد بە کوردیش هەبێ، بۆیە بۆی نەگەڕام.
خۆشحاڵم کە دەزانم هەر خۆت ئەم شاکارەت کردووە بە کوردی.
زۆر زۆر سپاس بۆ هەوڵ و ماندووبوونە هەردەم بەنرخەکانت.”
کاک سەلاح: “قوربانی تۆ ئابرا گیان،
پێم خۆش بوو نوسخەیەکت لۆ بنێرم، بەڵام ئەو چەند دانە زیادییەی کە لە لام بوون، دامن بە نووسەر.
هیوام شادی و خۆشی و سوپاس بۆ هەوڵ و ماندووبوونی تۆش.”
من: “زۆر سپاس بۆ لوتفت، کێشە نییە، گرنگ ئەوەیە دیارییەکی گەورەت پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە.”
بەداخەوە ئەم بەیانییە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناوی ڕۆمانەکەم بە کوردی نووسی و بەدوایدا گەڕام، جارێکی حەپەسامەوە، لەوەی ئەم ڕۆمانە باشە، بەو قەڵەمە باشە، لە زمانی یەکەمەوە وەرگێڕدراوە کەچی هیچ تاکێکی کورد دوو دێڕی لەسەر نەنووسیوە!